مایکرۆسۆفت، توری جیهانیی بەرهەم‌هێنانی ئیمەیلی نەخوازراو دادەخات
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت مۆڵەتی له دادگا وەرگرتووه تۆڕێکی جیهانیی کۆمپیوتر که دەگوترێت رۆژانه زیاتر له یەک میلیارد و نیو ئی‌مەیلی نەخوازراو دەنێرێت، له کار بخات.

به پێی هەواڵێکی بی‌بی‌سی، دادوەری دادگایەک له ویلایەتی ڤێرجینیا داوای مایکرۆسۆفتی بۆ داخستنی ٢٧٧پێگەی ئینتەرنێت که دەگوترێت بۆ "بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی" تۆڕی کۆمپیوتەره دزراوەکان به ناوی "والداک"(Waledac) بەکار دێنێت، پەسەند کردووه.

تۆڕی کۆمپیوتەره دزراوەکان(botnet)، کۆمەڵێک کۆمپیوتەری ڤایرۆس‌دارن که له ژێر کۆنتڕۆڵی هەکێرەکانن.

مایکرۆسۆفت گوتوویەتی، داخستنی ئەم پێگانه، ناردنی فەرمان بۆ زیاتر له ٩٠هەزار کۆمپیوتەر بۆ بڵاو کردنەوەی ئی‌مەیلی نەخوازراو(سپەم)، لەکار دەخات.

به پێی شرۆڤەتیەکی مایکرۆسۆفت، له ٣ تا ٢١ی مانگی کانوونی یەکەم، "نزیکەی ٦٥١میلیۆن ئی‌مەیلی نەخوازراو که پەیوەندییان به والداک هەبووه، بۆ هۆت‌مەیلەکان ناردراوه."

مایکرۆسۆفت دەڵێت، ئەمه یەکێک لەو ١٠تۆڕه گەورەی کۆمپیوتەری دزراوه له جیهان.

ئەو کۆمپیوتەرانەی دەکەونه ژێر خزمەتی ئەم تۆڕانه، زۆرجار وۆڕم)کرم) یان ڤایرۆسی کۆمپیوتەریان هەیه و خاوەنی کۆمپیوتەرەکه له دزرانی ئامێرەکەی بێ‌ئاگایه.

مایکرۆسۆفت هەرچەنده به کردەوه ئەم تۆڕەی داخستووه، بەڵام هێشتا هەزاران کۆمپیوتەر ئەم ڤایرۆسەیان هەیه و داوای له خەڵک کردووه بەرنامەی دژەڤایرۆس بەکار بێنن.

مایکرۆسۆفت لەگەڵ رێکخراوێکی زانیاری بەناوی "شدۆڤەر"، زانکۆی واشنتۆن و کۆمپانیایەکی ئەمنی کۆمپتەر بەناوی "سیمانتەک"، توانیی ئەم مەڵەته له دادگای شاری "ئەلگساندەریا" له ڤێرجینیا وەربگرێت.

مایکرۆسۆفت گوتوویەتی، ئەمه ئەنجامی چەندین مانگ لێکۆڵینەوه بووه.
2010-02-26  
مافه‌كان پارێزراون بۆ كورد دیزاین